زانکۆی سەڵاحەددین نزیک دەبێتەوە لە ڕیزبەندی باشترین 100 زانکۆکانی ئاسیا


زانکۆی سەڵاحەددین لە نوێترین ڕیزبەندی جیهانیدا 300 پلە پێشکەوتووە، لەڕووی زانستی و ئەکادیمی هەنگاوێکی دیکە لە ڕیزبەندی باشترین زانکۆکانی ئاسیا نزیک بووەتەوە.


دەزگای وێبۆمەتریکس شەش مانگ جارێک ڕیزبەندی باشترین زانکۆکانی جیهان بڵاودەکاتەوە، لە نوێترین ڕیزبەندیشدا زانکۆی سەڵاحەددین هەنگاوێکی گەورەی ناوە.

د. کارزان شێخ موحسین، توێژەر لە زانکۆی سەڵاحەددین بە ئاڤا نیوزی گوت، "زانکۆکان لەسەر سێ بنەما پلەبەندییان لەلایەن ئەو دەزگایەوە بۆ دەکرێت، کە پێکهاتوون لە؛ توێژینەوە و سەرچاوەی زانیاری، پڕۆژە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و کاریگەری زانکۆ لەسەر ناوخۆ و دەرەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی سەردانکەرانی ماڵپەڕ."


زانکۆی سەڵاحەددین لە بوارەکانی توێژینەوە و سەرچاوەی زانیاری و پڕۆژە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە لەو ڕیزبەندییەدا هاتووەتە پێش. 

دەزگای وێبۆمەتریکس کە لەلایەن کۆمەڵێک زانای ئیسپانی دامەزراوە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان نوێنەریان هەیە و هەڵسەنگاندن بۆ زانکۆکان دەکەن.