بڕیارە ئاژانسی جایکای ژاپۆنی بە بەهای 288 ملیۆن دۆلار ئاوەڕۆی هەولێر ڕیسایکلین بکاتەوە، ئاوەڕۆکانیش بەشێوەیەکی سەردەمیانە دروست بکاتەوە.
پڕۆژەی ڕیساکلینی ئاوەڕۆی هەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر لەلایەن ئاژانسی جایکای ژاپۆنی جێبەجێ دەکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: بەمزووانە لەلایەن ئاژانسی جایکا دەست بە پڕۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر دەکرێت و 288 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.
ئاژانسی جایکا، لە قۆناغی یەکەم چارەسەری ئاوی بەکارهاتووی ماڵان دەکات، دوای پاککردنەوە بەکاردەهێندرێتەوە بۆ پارك و باخچەكان، ئاوەڕۆكانیش بەشێوەیەكی سەردەمیانە دروست دەكرێنەوە.
بڕیارە ئاژانسی جایکای ژاپۆنی جگە لەو دوو پڕۆژەیە، ماستەرپلانی شاری هەولێر هەموواربکاتەوە و ئەمساڵ تەواو دەبێت، چەندین بواری وەک دیزاین و شارسازی، ئابووری و كۆمەڵایەتی، ژینگە و ئاو و ئاوەڕۆ و چەندین بواری دیکە لەخۆدەگرێت.
