وەزارەتی پلاندانانی عێراق: هەزارو 321 پڕۆژە لە عێراق تەواو نەكراون
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرای دەكات زیاتر لە هەزار و 320 پڕۆژە لەكاركەوتوون، دەشڵێت: "450 پڕۆژە گرفتی گرێبەستیان هەیە، دەبێت لەلایەن دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی بڕیاریان لەسەر بدرێت."
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە (ئاژانسی هەواڵی عێراق)ی ڕاگەیاند: "ژمارەی پڕۆژە تەواونەكراوەكان گەیشتووەتە هەزار و 321 پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری، ئێمەش چەند ڕێوشوێنێكمان بۆ ئەو كێشەیە گرتووەتە بەر و لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی وەزیری پلاندانان، بۆ لێكۆڵینەوە لە كێشەكانی بەردەم پڕۆژەكان و چارەسەری گونجاو دروستكراوە."
پڕۆژە تەواونەکراوەکان تایبەتن بە کەرتەکانی تەندروستی، کشتوکاڵ و ئاودێری، ئاوەڕۆ، کارەبا، کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە هاووڵاتیانەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەش كردووە: "450 پڕۆژە گرفتی گرێبەستی هەیە، دەبێت لەلایەن دەستەی دەستپاكیی و دیوانی چاودێری دارایی بڕیاریان لەسەر بدرێت."
عەبدولزەهرە هینداوی ئاشكراشی كرد: "400 پڕۆژەش هەیە هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ تەرخان نەكراوە و كاركردن تیایاندا دەستی پێ نەكردووەتەوە."
بەرپرسەكەی وەزارەتی پلاندانان جەختی كردووەتەوە، ئەو پڕۆژانەشی دەستیان بەكاركردن كردووە رێژەی جێبەجێكردنیان زۆر لاوازە و وەها بەئاسانی تەواو ناكرێن.
لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "پڕۆژە خزمەتگوزارییە، تەواونەکراون، بەشێکیان گەندەڵیی گەورەیان تێدایە، بەشێکی دیکەیان بەهۆی کەمتەرخەمییەوە دواکەوتوون، بەشێک لەو کۆمپانیایانەش کە پڕۆژەکانیان پێدراوە، لەئاستی پێوستدا نەبوون."
بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، ئەو پڕۆژە وەستاوانە بڕی 10 تریلیۆن دیناریان لێ خەرجکراوە، بەڵام هیچکام لەو پرۆژانە تەواو نەکراون و ئێستاش ئەو ئەو پرۆژانە پێویستییان بە 24 ملیار دینار هەیە بۆ ئەوەی تەواو بکرێن.
