لە ماوەی 45 ڕۆژی ڕابردوودا، دوو منداڵ کە لە بنەڕەتدا خەڵکی کەرکووک و هەولێرن، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ون بوون و چارەنووسیان نادیارە.
ڕۆژی 08-06-2024 منداڵێکی 14 ساڵان بە ناوی مریەم ئیسماعیل کە لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری کەرکووکە و نەخۆشی بیرکۆڵیی هەیە، لەگەڵ خانەوادەکەی بۆ گەشت دەچنە ناوچەی پڕژێ لە باڵەکایەتی، شەو لە خانوویەکی گەشتیاری دەمێننەوە بەیانی کە لەخەو هەڵدەستن دەبینن دەرگا کراوەتەوە و مریەم دیار نامێنێت.
ڕۆژی 07-07-2024 لە هاوینە هەواری بێخاڵ سنووری قەزای ڕواندز منداڵێکی دوو ساڵان بە ناوی دارین گەیلان کە دانیشتووی شاری هەولێرە، لە سەرچاوەی ئاوی بێخاڵ دەکەوێتە نێو ئاوەوە و تاوەکو ئێستا سۆراغی نییە.
ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران بە ئاڤا نیوزی گوت: "ماوەی 13 ڕۆژ بەبەردەوامی بۆ ماوەی 13 کاتژمێر تیمەکانمان لە بێخاڵ، کانی ماران و گەلی عەلی بەگ بەدوای دارین گەڕاون، تەنانەت کامێرای ژێر ئاویش بەکارهێنراوە، بەڵام نەدۆزراوەتەوە".
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران ماوەی 45 ڕۆژە لە ئاو و وشکانی بەدوای سۆراغی مریەمدا وێڵن، بەڵام چارەنووسی دیار نییە.
