لە كابینەی نۆیەمدا ئاستی بەرهەمێنانی دار و گوڵ لە نەمامگەكانی شارەوانی بەرزبووەتەوە، نزیكەی 800 هەزار دار و گوڵ بەرهەمهێنراون.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخ بە كەمكردنەوەی خەرجییەكانی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی دەدات و گرنگیی زۆری بە نەمامگەكانی شارەوانی داوە، ئەمەش بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی.
وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، تەنیا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر زیاتر لە 423 هەزار و 400 گوڵ و 361 هەزار و48 دار بەرهەمهێنراون و لە شوێنە جیاوازەكانی شاری هەولێر چێنراون و بەهۆیەوە ڕێژەی سەوزایی لە شارەكەدا نزیكبووەتەوە لە 20%.
بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، لە ماوەی پێنج ساڵی كابینەی نۆیەمدا (2019 تاكو 1/6/2024) زیاتر لە 784 هەزار و 448 دار و گوڵ لە نەمامگەكانی شارەوانیی هەولێر، بەرهەمهێنراون و دواتر لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكان و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر چێنراون.
