قوتابییەكی زانكۆ بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی لەنێو ئۆتۆمبێل بەشداری تاقیكردنەوەکانی دەکات


قوتابییەكی یەكێك لە كۆلێژەكانی زانكۆی سەڵاحەدین بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستی، لەنێو ئۆتۆمبێل بەشداریی لە تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ كرد.


عامر یونس قوتابیی قۆناغی چوارەمی كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووریی زانكۆی سەڵاحەدینە، لە كاتی كاركردن لە باڵەخانەیەكی شاری هەولێر، لەگەڵ هاوڕێیەکی لە نهۆمی چوارەم و لە بەرزیی 17 مەتر دەكەونە خوارەوە.

بەهۆی ڕووداوەکە عامر یونس بە سەختی بریندار دەبێت و هاوڕێكەیشی گیان لەدەست دەدات. خەمی ئەو گەنجە جگە لە چاككبوونەوەی برینەكەی، تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ بووە.

 

لە كاتی ڕووداوەكەدا عامر دوو وانەی دەمێنێت تاقیكردنەوەیان تێدا بکات، چەند ڕۆژێك دواتر پەیوەندی بە بڕیاردەر و ڕاگرایەتیی كۆلێژەكەی دەكات و ڕێككدەكەون بە ئۆنڵاین بەشداریی بكات، بەڵام پاشان بڕیارە قورسەكە دێت كە ئاخۆ چۆن بەشداریی لە تاقیكردنەوەی كۆتایی سمستەری دووەم بكات؟

بە بڕیاری كۆلێژ و زانكۆ، قوتابییەكە بە ئۆتۆمبێلێك دەبرێتە كۆلێژ و لە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێل و بە پاڵکەوتوویی دەست بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دەکات، ئەمەش بە چاودێریی چەند مامۆستایەك و كەسێكیش وەڵامەكانی بۆ نووسیوە.

لە ڕاگەیێنراوێكدا زانكۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بە ئەوە داوە كە قوتابییەكە نمرەیەكی بەرزی لە تاقیكردنەوەكان بەدەستهێناوە و دەرچووە.