زیاتر لە چوار هەزار کەس لە ئۆلۆمپیادی پاریس دوورخرانەوە

 

جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی فەرەنسا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی ڕێکارە ئیدارییەکان بەڕێوەبردنی ئۆلۆمپیادی پاریس، زیاتر لە یەک ملیۆن لێکۆڵینەوەیان کردووە و لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ناچار بووین چوار هەزار و 355 کەس لە چالاکییە وەرزشییەکانی ئۆلۆمپیاد دوور بخەینەوە.


دارمانان دەڵێ: ئەوانەی دوورخراونەتەوە گومانیان لێ دەکرا مایەی هەڕەشە بن بۆ سەر ئاسایشی فەرەنسا و بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی ئۆلۆمپیاد، کە تەنیا چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە دەست پێ بکات.


کێبڕکێ و چالاکییە وەرزشییەکانی ئۆلۆمپیادی هاوینە لە 26ی ئەمانگە دەست پێ دەکات و تاوەکوو 11ی ئابی داهاتووە بەردەوام دەبێت، هەروەها یارییەکانی پارا ئۆلۆمپیادیش لە 28ی ئەم مانگە تاوەکوو هەشتی ئەیلوولی 2024 لە پاریس بەردەوام دەبن، لێکۆڵینەوە لە زانیارییە تایبەتەکانی هەموو وەرزشوانان، ڕاهێنەرەکان، ڕۆژنامەنووسان، خۆبەخشەکان و هێزە ئەمنییەکانیش کراوە لەگەڵ هەموو ئەو میوانانەی بۆ بینینی چالاکییەکان لە فەرەنسان.

هەروەها سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای کردووە "880 کەس بە گومانی دەستێوەردانی دەرەکی، 360 کەسیش ناچارکراون خاکی فەرەنسا بەجێ بهێڵن و 142 کەسیش بە گومانی پرسی ئاسایشی فەرەنسا دوورخراونەتەوە.


سەرچاوەکە ئاماژەشی داوە، لە نێو دوورخراوەکاندا 260 کەس بە ئیسلامیی توندڕەو تۆمار کراون، 186 کەسیان وەک چەپی توندڕەو و 96 کەسیش ڕاستڕەوی توندڕەوت تۆمارکراون.

هەروەها ڕۆژانە نزیکەی 35 هەزار ئەندامی پۆلیس و هێزەکانی تایبەت لەگەڵ 18 هەزار سەرباز ئەرکی چاودێریی ئەمنی و پاراستنی سەقامگیریی بەڕێوەچوونی یارییەکانیان پێ سپێردراوە.