هەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی چوار بەنداو لە هەرێمی کوردستان ڕێکدەکەون و چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی ئەمساڵ دەست بە دروستکردنیان بکرێت.
بڕیارە لەسەر بودجەی عێراق بە گوژمەی چوار تریلیۆن دینار چوار بەنداوی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێن؛ بەنداوی باکرمان لەسەر ڕووباری خازر لە ئاکرێ، بەنداوی مەنداوە لەسەر زێی گەورە لە هەولێر، بەنداوی تەقتەق لە کۆیە و بەنداوی دەڵگە لەسەر زێی بچووک لە قەڵادزێ.
پێشتر وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق تێبینی و داواکاری لەسەر دیزاینی بەنداوەکان هەبوو، بۆیە لیژنەیەکی هونەری نارد و بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان سەردانی هەر چورا شوێنەکەیان کرد، ئێستا داواکارییەکان جێبەجێکراون و ئەوانیش ڕەزامەندییان لەسەر دروستکردنیان داوە.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان سەرجەم نووسراوەکان بۆ بەغدا نێردراون، یەکێک لە داواکارییەکان فراوانکردنی ڕووبەری بەنداوەکان بوو، ئەوەش جێبەجێ کراوە."
چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ساڵی 2024 دروستکردنی ئەو چوار بەنداوە بچێتە بواری جێبەجێکردن.
بە دروستکردنیان نزیکەی پێنج ملیار مەتر سێجا ئاو گل دەدرێتەوە، کاریگەری ئەرێنی لەسەر بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری، کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ دەبێت.
کابیەنی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گرنگییەکی زۆر بە دروستكردنی پۆند و بەنداو دەدات و لە پێنج ساڵی ڕابردوودا دەیان پۆند و بەنداو لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دروست کراون.
