نەتەوە یەکگرتووەکان: لە چەند ناوچەیەکی عێراق هەوڵی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر دەدرێت

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە زیادبوونی ڕێژەی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەنێو عێراقدا دەدات و دەڵێت: لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە، هەوڵی بەرهەمهێنانی ئەو ماددانە دەدرێت.


ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری دا لەوەی عێراق و ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکن لەوەی ببنە شوێنێک بۆ بەرهەمهێنان و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان.


بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە موسەننا، کەرکووک و توزخورماتوو هەوڵی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر دەدرێت.


نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیەدا، ژمارەیەک ڕاسپاردەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق خستووەتە ڕوو و ڕایگەیاندووە "لە نێو گەنجاندا زیاتر ئەو ماددانە بەکار دەهێندرێن و یەکێک لە هۆیەکانی دیارەکانی بەکارهێنانیشی، بێکارییە".


لەنێو ئەو ڕاسپاردانەی ڕاپۆرتەکە پێشنیاری کردووە، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لە نێوان عێراق و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی کەنداودایە. هاوکات، داوای دامەزراندنی ناوەندێکی هەرێمیی کردووە کە پسپۆڕانی بواری جێبەجێکردنی یاسا و ئاسایش کۆ بکاتەوە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، 22-07-2024، دووەم کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ماددەی هۆشبەر بەڕێوە چوو. 


محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "هەماهەنگیمان لەگەڵ وڵاتان کردووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان".

سوودانی باسی لەوەش کرد "بازرگانانی ماددەی هۆشبەر هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان لاواز بکەن، هەروەها هەوڵی هەڵوەشانەوەی بناغەی کۆمەڵگەی ئێمە دەدەن، دەیانەوێت فەرهەنگ و پێکهاتەکانی خێزان لاواز بکەن. بازرگانانی ماددەی هۆشبەر گەنجەکانیش تووش دەکەن".


سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیشی کردەوە: "ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی لاوازکردنی وڵاتەکەمان، هەروەها ڕێگرییش دەکات لە بەرەو پێشبردنی عێراق و ئابووریش لاواز دەکات. ئەوەش ئەو ئامانجەیە کە دەمانەوێت ڕووبەڕووی ببینەوە، ئەگەر ستراتیجیی خۆمان دیاری بکەین، ئەوە دەتوانین سەرکەوتوو بین"