کەرکووک؛ تەقە لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا



بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تەقە لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک کراوە و لەلایەن پاسەوانانی بارەگاکەوە وەڵام دراوەتەوە.

شەممە، 27ـی تەمموزی 2024، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند "لەنزیک بارەگای لقمان بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 3:00 لە دووشوێنی جیاوازەوە بە  قەناسە و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و پاسەوانەکانی ئێمەش وەڵامیان داونەتەوە شەڕ ڕووی داوە".

دەشڵێت: "ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە، کە یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن".

محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێ ئاماژەی بەوەش دا، "ڕووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت".