لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕەوانەی بەغدا کرا

 


لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا و شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستانیش لە بەغدایە.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-07-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەر، وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.

وا بڕیارە لە ئەمڕۆوە وەزارەتی دارایی عێراق دەست دەکات بە وردبینی لەو لیستەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆی ناردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵ دەدات، هەمان ئەو میکانیزمەی بۆ وردبینی لە لیستی هەردوو مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، جێبەجێ کردووە، بۆ لیستی مووچەی مانگی تەمموزیش بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی گرفتی خەرجکردنی مووچەکانیان دووبارە نەبێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-07-2024، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان، بودجە و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵی.

ڕۆژی سێشەممە، 16-07-2024، بڕی 676 ملیار و 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان؛ خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕۆژی چوارشەممە، 17-07-2024 دەستی بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و پرۆسەکە تاوەکوو ڕۆژی پێنجشەممە، 18-07-2024 بەردەوام بوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.