بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر: 33281 قوتابی پۆلی دوانزە بەشداریی ئەزموونەکانی خوولی دووەم دەکەن


 بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر دەڵێت: 33281 قوتابی پۆلی دوانزە بە بەشە جیاوازەکانەوە، لە 532 هۆڵ، بەشداریی خوولی دووەمی ئەزموونەکان دەکەن و هەموو ئاسانکارییەک بۆ قوتابییان کراوە بۆ ئەوەی کەشێکی ئارامییان بۆ بڕەخسێنرێت.

شەممە 17ـی ئابی 2024، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر  ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ کاتژمێر حەوت و نیوی بەیانی، خوولی دووەمی ئەزموونەکانی پۆلی دوانزە دەستییان پێ کرد و تا 2ـی ئەیلوول ئەو ئەزموونانە بەردەوام دەبن.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر ئاشکرای دەکات، 33281 قوتابی پۆلی دوانزە بەتەواوی بەشە جیاوازەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە 532 هۆڵ بەشداریی ئەزموونەکان دەکەن.

لوقمان سەعید دەڵێت: لە خوولی یەکەمی تاقیکردنەوەکان ژمارەیەکی زۆری قوتابییان وانەکان بۆ خوولی دووەم بەجێ دەهێڵن بۆ ئەوەی بتوانن نمرەی زیاتر لە وانەکان بەدەست بێنن، لەگەڵ ئەوەی پرسیارەکانی خوولی یەکەم و دووەمی ئەزموونەکان، لەلایەن لێژنەی باڵای ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد دادەنرێن. دەشڵێت: لە کاتژمێر دووی شەوی ڕابردووەوە لە ئامادەباشیداین تا دەستپێکردنی ئەزموونەکان بۆ ئەمڕۆ، لەپێناو پاراستنی تەواوی پرسیارەکان تا دەگاتە نێو هۆڵی تاقیکردنەوە و دەستی قوتابییان.

دەشڵێت: بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام بۆ قوتابییان بڕەخسێنین، لەگەڵ وەزارەتەکانی گواستنەوە و تەندروستی و کارەبا و شارەوانی و دامەزراوەکانی پۆلیس و ئاسایش هەماهەنگیمان کردووەوە. جگە لە دابینکردنی فێنکەرەو ئاوی خواردنەوە لەنێو تەواوی هۆڵەکان. داوای لە دایکان و باوکانیش کرد، کەشێکی ئارام بۆ منداڵەکانیان دروست بکەن بۆ ئەوەی بتوانن سەربکەون.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر ستایشی دەزگاکانی ئاسایشی کرد کە توانیوویانە لەماوەی ڕابردوو ئەوانە دەستگیر بکەن کە فێڵیان لە قوتابییان دەکرد. داوای لە دایکان و باوکانیش کرد ئاگەداری ئەو هەوڵانە بن کە دوا ڕۆژی منداڵەکانیان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەمڕۆ شەممە 17ـی ئابی 2014خوولی دووەمی ئەزموونەکانی پۆلی دوانزەیی لە هەرێمی کوردستان دەستییان پێ کرد و تاکوو دوو بۆ چواری مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، هەر ڕۆژێکی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر هێلەکانی ئینتەرنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەپچڕێن.