بەگوێرەی دواین ئامار ، زیاتر لە سێ ملیۆن زیارەتکار لەڕێگەی دەروازەکانەوە هاتوونەتە ناوخۆی عێراق، لەو ژمارەیە بەتەنیا لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران 85 هەزار زیارەتکار هاتووچۆیان کردووە.
ماوەی سێ ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دوو دەروازەوە خزمەتگوزاری تەندروستی و خواردن و گواستنەوە پێشکەش بە زیارەتکارانی ئێرانی دەکات.
مەسعود باتلی، سەرۆکی لیژنەی پێشوازی لە زیارەتکاران و بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: تا 22ی مانگی ئاب، 85 هەزار گەشتیار لەڕێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەران هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان و ڕۆیشتوونەتەوە.
عەلائەدین ئەلقەیسی گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: لەڕۆژی دەستپێکی هاتنی زیارەتکاران لە ڕۆژی شەشی ئاب تاوەکو 23ی ئاب، لە 10 دەروازەی سنووری بە حاجی ئۆمەران و باشماغەوە سێ ملیۆن و 367 هەزار و 449 زیارەتکار هاتوون، لە هەمان کاتدا دوو ملیۆن و 221 هەزار و 70 زیارەتکار ڕۆیشتوون.
هەرێمی كوردستان چوار مەرزی نێودەوڵەتی و حەوت دەروازەی بازرگانی هەیە.
