جیهان لە چاوەڕوانیی ئێرانە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، لە ئەمریکاش کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی بەڕێودەچێت.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، 05-08-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تیمی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا بکات، کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێت و تایبەتە بە باسکردنی دوایەمین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە هاوتاکانی لە کۆمەڵەی جی7 ڕاگەیاندووە کە بە گوێرەی پێشبینییەکانیان هێرشی ئێران و حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە دەستپێدەکات.
ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک، بە ناردنی فڕۆکە و کەشتیی جەنگیی زیاتر، ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە زیاتر کردووە.
