ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت: چەندین پرۆژە لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستییان پێ کراوە، هەندێکیان لەسەروبەندی تەواوبووندان، هەندێکی دیکەشیان تا کۆتایی ساڵ تەواو دەبن.
شەممە 24ـی ئابی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ئێستا پرۆژەی قیرتاوکردنی هەولێر-خەبات هەیە لەگەڵ دروستکردنی سەوزایی لە یەکتربڕی 120 مەتری لەڕێگەی هەولێر-مووسڵ، سەرباری ئەوەش پارکی ڕەشکین لە هەلێر، ئەویش کاری تێدا دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد "ڕێگەی گەزنە کە ڕێگەی سەرەکی هەولێر-دهۆکە و پێشتر ئاستەنگێکی زۆری لەبەردەم هاتوچۆی هاووڵاتیاندا دروست کردبوو، ئێستا زۆر بەخێرایی کاری تێدا دەکرێت بۆ چاککردنەوە و قیرتاوکردنی. بە تەوابوونی ئەو پرۆژەیە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکرێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی هاتوچۆی نێوان هەولێر و دهۆک دەکەن.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: ئێستا پرۆژەیەک لەسەر ڕێگەی هەولێر- پیرمام دەکرێت کە بۆ زستانی ئەمساڵ مەترسییەکانی لافاو لەو شوێنە کەم دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگەی هەولێر- کۆیە کە لە کەسنەزان تاکوو گۆمەسپانە، چاکک دەکرێتەوە و قیرتاو دەکرێت.
