هۆبەی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە کۆگەیەکدا دەستی بەسەر چوار تۆن جگەری قاچاخدا گرت. قایمقامی هەولێریش دەڵێت: هیچ جگەرێک بەپێی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێگەپێدراو نییە بۆ بەکارهێنان، تەنها جگەری ناوخۆیی نەبێت ئەویش بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.
سێشەممە 20ـی ئابی 2024، هۆبەی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، ئەو کۆگایەی دەستنیشان کرد کە زیاتر لە چوار تۆن جگەری قاچاخی تێدا هەڵگیرا بوو، لێژنەکانی بەدواداچوون دەستییان بەسەر جگەرەکەدا گرت و کۆگاکەش داخرا.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند: لێژنەکان بەردەوامن لە پشکنین و بەدواداچوون بۆ ئەو خۆراک و کاڵایانەی ماوە بەسەرچوو و قاچاخن و هەوڵی ساغکردنەوەیان لەبازاڕدا دەدرێت.
گوتی: کۆگایەک لە نزیک مزگەوتی سپی لە شەقامی 60 مەتری هەولێر، زیاتر لە چوار تۆن جگەری مریشکی قاچاخی ئێرانی تێدا هەڵگیرابوو.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند: بەپێی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی هەموو جۆرە جگەرێک قەدەغەیە، ئاشکراشی کرد "دوو کەس لەسەر ئەو جگەرە قاچاخە دەستگیرکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت لە کوێوە جگەرەکەیان هێناوە" دەڵێت: لێکۆڵینەوە لەوەش دەکرێت لە کوێ جگەرەکەیان ساغ کردووەتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید گوتی: پێویستە هاووڵاتییان ئاگاداربن لەوەی هیچ جگەرێک بۆ بەکارهێنان ڕێگەپێدراو نییە، تەنها جگەری مریشکی ناوخۆی نەبێت ئەویش بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.
