بەرەی تورکمانی پەراوێزخستنی بەئەنقەستی پێکهاتەی تورکمان لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک ڕەتدەکاتەوە، داواش لە هێزە نیشتمانییەکان دەکات تایبەتمەندی پارێزگاکە لەبەرچاو بگرن.
کاردانەوەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بەردەوامن، بەرەی تورکمانی چەندینجارە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی 9ی ئابی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا ڕەتدەکاتەوە.
شەوی ڕابردوو لە بەغدا عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی پێشوازی لە حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا کە فریاد تۆزڵو، بەرپرسی بزووتنەوەی وەفای تورکمانی ئامادە بوو، پێشهاتە سیاسییەکان بەتایبەت لە کەرکووک تاوتوێکران.
حەسەن توران باسی لە "قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و پەراوێزخستنی بە ئەنقەستی پێکهاتەی تورکمان" کردووە. "سیاسەتی تاکلایەنەی ڕەتکردووەتەوە و" و جەختی لەوە کردووەتەوە کە "خەڵکی کەرکووک ئامادەنین لەڕێگەی سیاسەتی وەدەرنانەوە بۆ داوەوە بگەڕێنەوە".
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند: "جەختمان لەسەر پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیری کردەوە، لەگەڵ پێویستی پاراستنی ئەو فرەچەشنییەی لە کەرکووک هەیە وەکو عێراقێکی بچووک".
