پڕۆژەی ماڵ بە ماڵ بۆ نەمام چاندن بەردەوامی هەیە، هەر ماڵێک ئەگەر بیەوێت دوو تاوەکو چوار داری پێدەدرێت.
لەماوەی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لەپێناو پاراستن و پاککردنەوەی ژینگە، پڕۆژەیەکی بۆ نەمام چاندن و زیاتر سەوزکردنی شارەکە ڕاگەیاند، کە تیایدا دوو جۆر نەمام بەخۆڕایی دەدات بە هاونیشتمانییان بۆ ئەوەی لەبەردەم ماڵەکانیان بیچێنن.
سەروەر وەیسی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارک و باخچەکانی هەولێر بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: نەمامەکان لەجۆری داری ئەلبیزاو دار سیسەمی هیندییە و بەخۆڕایی دەدرێت بە هاونیشتمانییان، جۆری دارەکان بۆ کەشوهەوای هەولێر زۆر گونجاون.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، هەشت سەد هەزار نەمام لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر چێنراون، بۆ ئاودانیشیان سوود لە ئاوی پیسی ماڵان وەردەگیرێت. بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارک و باخچەکانی هەولێر وای گوت.
