١٦ی ئاب، ئیلهامبەخشێكی درێژخایەن

پەرژین جەعفەر حاجی ڕۆستەم

توێژەری مێژووی سیاسی


١٦ی ئابی١٩٤٦ وەرچەرخانە گرنگ و مێژووییەكەی پەیوەست نییە بە گەلی كورد لە یەك پارچە(هەرێمی كوردستان- باشوری كوردستان) بەڵكو بووە ئیلهامبەخش بۆ جوڵەیەكی نەتەوەیی لە هەرسێ بەشەكەی دیكەی كوردستان و چەندین گرووپ و پارت و دەستەبژێری ئەو بەشەی یان هاتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان خەباتیان هاوبەشكرد، یاخود لەو بەشەی خۆیان لەسەر پرەنسیپ و ڕێبازەكەی پارتی كە سەرچاوە دەگرێت لە (ڕێبازی كوردایەتی- بارزانیی) دەستیان بە تێكۆشان و بەرگریكردن لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان كرد.

دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵگیرسانەوەی شۆڕش(ئەیلوول و گوڵان)، چەند بەئاگاهێنانەوەی كۆمەڵگەی كوردی بوو لەسەر پێداگیری و شەڕی مانەوە و پێشخستنی پرسە نەتەوەییەكەی، هێندەش بووە بەئاگاییبوونەوەی دوژمن و نەیارەكانی كورد كە چۆن كاریگەرییەكەی ئەم دوو شۆڕشە لاواز بكەن و ستراتیژییەتی دژایەتیكردنی ئەم ڕەوتە گرنگە داڕێژن كە پایەیەكی ئایندەڕوون دەبێت بۆ سەركەوتن و بەدەستهێنانەوەی مافە نەتەوەییەكان، كورد چەند تاكتیك و سراتیژییەتی بەهێز بێت، نەیار و دوژمنەكانی بە سوود وەرگرتن لە خاڵە لاوازەكانی كاریگەری كاتی یاخود بەربەست دروستكردن دەتوانێ بێنێتە پێش ئەو ستراتیژییە. لەم پێناوەدا كەوتە دروستكردنی چەندین پارت و گرووپ بەناوی كورد و لە ژێر ڕکێفی خۆیان، كە تا ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان و لە بەشەكانی دیكەیش بەناوی جۆراجۆر لە دژی خواست و ئامانجە نەتەوەییەكان ڕاستەوخۆ بێت یان بەپێچەوانەوە.

یادەوەرییەكانی پارتی و شۆڕشەكانی(ئەیلوول و گوڵان)، دەیان نموونەی تێدایە كە چۆن لەسەر بنەما و ڕێبازەكەی بوونە كەمەندكێش و ڕوانگەی كوردایەتی بۆ كوردانی هەر چوار پارچە، ئەمەش پەیوست بوو بە بەهای شۆڕشگێری و خەباتی پاك و ڕاستگۆییانە لە پێناو یەك ئامانج، تاكو ئێستایش ئەم مەبدەئی و بەهایە لە ستراتیژییەتی پارتی لە قۆناغی پێشخستنە، بەڵام زۆرجار بەهۆی تاكتیك یاخود نەگونجانی دۆخ نەیتوانیوە هەنگاوەكانی بەڕوونی بخاتەڕوو، یاخود ئەگەر وەستابێت لە قۆناغێك ئەوا نیشانەی دەستهەڵگرتن نەبووە، بەڵكو خوێندنەوەی دۆخ بووە.

ئەم جۆرە لە جۆشدان لەگەڵ واقیعی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و پێشكەوتنە جیهانییەكان لای پارتی ڕەنگ و ڕێگەی نوێی بەخۆیەوە گرتووە، دەبێت بڵێین: پارتی هەلومەرجەكەی لە ئێستا بەتەواوی گونجاندووە، كە چۆن ئەم ئیلهامبەخشیە لە پێناو ستراتیژییەتە گرنگەكەی كە پرسی نەتەوەیی گەلی كوردستانە بباتە قۆناغێكی دیكە، ئەم قۆناغەش بوونی مەترسییە لەسەر سەرچاوە گرنگەكەی ئیلهامبەخشییەكە، واتا لە حاڵەتی بەرگری و مانەوەیە، چونكە ناوچەكە خۆی لەنێو ئەو ئاڵۆزییەدایە و سەری ڕم و تیرەكان هەموویان ڕوو لە ناخی كوردستان و لەسەروویانەوە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەمەشدا سیاسەتی واقیعی و ڕاست و پشتبەستن بە دۆزێكی ڕەوا سەركەوتن تۆمار دەكات و لە ئایندەیشدا ئەم سەركەوتنە بۆ هەموو گەلی كوردستانە نەك بۆ پارتی و ڕێبازەكەی.