تیپی هونەرە میللییەکانی دهۆک بە نوێنەرایەتیی كوردستان بەشداریی فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی دەكات
ئاڤا نیوز - تیپی هونەرە میللییەکانی دهۆک، بە مەبەستی بەشداریكردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هونەر و موزیک، بەرەو هیندستان بەڕێكەوت. بڕیارە هەڵپەڕكێ و ستران بە جلی کولتووریی كوردییەوە پیشانی جیهان بدەن.
چیرۆکی سەرەکی:
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هونەر و موزیک لە 31ـی ئەم مانگە لە وڵاتی هیندستان دەستپێدەكات و تاوەكوو 15ـی شوباتی داهاتوو بەردەوام دەبێت كە لەلایەن وەزارەتی هونەر و ڕۆشنبیریی هیندستانەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
ئەمساڵ 39ـەمین خولی فێستیڤاڵەكەیە كە بە "سوراجكوند هاریانا" دەناسرێت و ئەمجارە لە شاری فەریدئاباد بەڕێوەدەچێت. تیپی هونەرە میللییەکانی دهۆک بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان بە هەڵپەڕكێ و سترانی ڕەسەنی كوردی بەشداری تێدا دەكات.
سەرچاوەیەک لە کۆنسوڵخانەی هیندستان لە هەولێر بە ئاڤای ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و کۆنسوڵخانەی هیندستان لە هەولێر، تیپەکە بەرەو هیندستان بەڕێکەوتووە. بڕیارە تابلۆی شایی و هەڵپەڕكێی كوردی بە دەنگ و سترانی کولتووریی كوردییەوە نمایش بكرێت."
ئەوەی پێویستە بیزانیت:
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "سوراجکوند هاریانا" بە یەکێک لە گەورەترین فێستیڤاڵە هونەری و کولتوورییەکانی هیندستان هەژمار دەکرێت. ساڵی ڕابردوو، 600 هونەرمەند و تیپی هونەری لە 44 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان تێدا کردبوو.